ئەنجومەنی نوێنەران دەستکاری ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکات

ئەنجومەنی نوێنەران  دەستکاری ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن دەکات
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەنوسراوێکدا کە بۆ سەرۆکایەتی کۆماری ناردوە لەبارەی ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ، ماددەیەکی یاسایی بەبێ دەنگدان زیادکردوە، پسپۆڕێکی یاسایش  بەئابڕوچوونی یاسادانان ناوی دەبات و داوادەکات لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.

 جەمال ئەسەدی، پسپۆڕی یاسایی رایگەیاندوە، ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێکی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار ناردوە کە زیادکردن بۆ ماددەی یاساییەکان کراوە بەبێ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت ، ئەوەش دوای ئەوەی نوسراوێکی ناردوە بۆ گۆڕینی ھەڵەی نوسراوێکی پێشتری.

رونیشیکردۆتەوە، بەو گۆڕانکارییەی لەنوسراوەکەدا کراوە ماددەیەکی یاسایی لەبارەی پێکھاتەکان زیادکراوە کەلە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر نەدراوە.

ئەو پسپۆڕە یاساییە جەختیشی کردۆتەوە، ئەو زیادکردنی ئەو ماددەیە، ئابڕوچوونێکی یاسادانانەو پێویستە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت و بزانرێت کێ بەرپرسیارە لە یاریکردن بەیاساکان ، ئەوەش تاوانە ھاوشێوەی  ساختەکردنی بەڵگەنامەو نوسراوە رەسمییەکان.