ئەمساڵ تیرۆر ئەوروپای ڕوبەرووی گەورەترین ئاستەنگ کردۆتەوە

ئەمساڵ تیرۆر ئەوروپای ڕوبەرووی گەورەترین ئاستەنگ کردۆتەوە
لەمساڵدا تیرۆر گەورەترین ئاستەنگی ئەمنی ئەوروپا بوو، چەندین شاری گەورەی ئەوروپا لەم ساڵدا رووبەرووی پەلاماری تیۆرریستی بوونەوە کە دەیان کەس لەو پەلامارانەدا کوژران و برینداربوون، شارەکانی ستۆکھۆڵم و پاریس و لەندەن و مانچستەر و بەرشەلۆنە و کامبرلیس لەو شارانەی ئەوروپا بوون کە پەلاماری تیرۆریستی تیایاندا روویدا، ھەواڵگری ئەڵمانیاش ھۆشداری دەدات لە زیادبوونی ھەرەشەی تیرۆر لە ئەوروپادا. 
دەستەی "پاراستنی دەستور" کە ھەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیایە ھۆشداری داوە لەوەی کە داعش سەرباری ئەوەی کە دووچاری شکست و لەبەریەک ھەڵوەشان بووە لە عێراق و سوریا پەلاماری تیرۆریستی زیاتر لە ئەوروپا ئەنجام بدات. 
ھەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا پێی وایە داعش بە شکستەکانی لە سوریا و عێراق پەرتەوازە بووە لە ئێستادا ئەو گروپە تیرۆریستییە گوشاری زیاتری لەسەرەو ھەوڵ دەدات وای پیشان بدات کە ھێشتا رۆڵ و کاریگەری ماوە لەبەر ئەوە ئەگەری زۆرە کە لە ساڵی داھاتوودا کیشوەری ئەوروپا بکاتە ئامانج و ھەوڵی ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆریستی زیاتر بدات. 
ھەواڵگری ناوخۆی ئەڵمانیا  پێی وایە کە داعش گەنجانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ بەکاردەھێنێت بۆ ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆریستی بە تایبەت ئەو گەنجانەی کە لەگەڵ کەسوکاریان لە ناوچەکانی ژێر دەستی ئەو گروپە تیرۆریستییەدا بوون لە عێراق و سوریادا. 
لەدوای پەلامارە تیرۆریستییەکەی مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردووی ئەڵمانیا کە لە بەرلینی پایتەخت روویدا و تیایدا ١٢ کەس کوژران و ٤٨ کەسی تر برینداربوون ، ھێزە ئەمنییەکانی ئەڵمانیا بەوردی چاودێری ئەو کەسانە دەکەن کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت پەیوەندییان بە گروپە توندرەوەکانەوە ھەبێت، بەپێی لێدوانی لێپرسراوانی ئەمنی ئەڵمانیا سەدان کەس لەو گومانلێکراوانە لە ژێر چاودێری حکومەتدان، ناوبەناویش ھێزە ئەمنییەکان ھەڵمەتی گەران و پشکنین لەو شوێنانە ئەنجام دەدەن کە مەترسیان لەسەرە. 
لەناوەراستی ئەم مانگەشدا "تۆماس دی میزەر" وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکان لە ساڵی ٢٠٠٠ـەوە ١٦ ھەوڵی ئەنجامدانی پەلاماری تیرۆریستیان پوچەڵکردۆتەوە کە سیان لەو ھەوڵانەی کە پوچەڵکراونەتەوە لەم ساڵدا بووە .