ئەستێرە دێرینەکانی کوردستان و عێراق لە سلێمانی یارییەکی دۆستانە دەکەن

ئەستێرە دێرینەکانی کوردستان و عێراق لە سلێمانی یارییەکی دۆستانە دەکەن

14ی مانگی داھاتوو لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبەکە) بەبۆنەی وازھێنانی ئەحمەد سالار ئەستێرەی یانەکانی کوردستان یارییەکی دۆستانە لەنێوان ئەستێرە دێرینەکانی کوردستان و عێراقدا ئەنجام دەدرێت.

رۆژی ھەینی 14ی مانگی حوزەیران، بەبۆنەی وازھێنانی ئەحمەد سالار یاریزانی دیاری کورد لە یاریکردن، ئەستێرە دێرینەکانی کوردستان و عێراق لە یاریگای سلێمانی (مەلعەبە) لە یارییەکی دۆستانە رووبەرووی یەکتر دەبنەوە، کە چاوەڕوان دەکرێت لە یارییە دۆستانەکەدا، ئەحمەد رازی، یونس مەحمود، نور سەبری و  ھاوار مەلا محەمەد بەشداری بکەن.

کوردسات نیوز، بەبۆنەی وازھێنانی ئەحمەد سالار لە یاریکردن چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ یاریزانەکەدا سازکرد و تیایدا کاروانی وەرزشی خۆی باسکرد و لەبارەی یارییە دۆستانەکەشەوە رایگەیاند: رێکخستنی ئەم یارییە بیرۆکەی خۆم بوو، بەبۆنەی وازھێنانم کە نزیکەی 19 ساڵە خزمەتی تۆپی پێ دەکەم کوردستان دەکەم، ھەستام پەیوەندیم بە عەباس عوبێد کاپنی پێشووی ھەڵبژاردەی عێراق کرد بیرۆکەکەم پێ راگەیاند و ئەویش لەلایەن خۆیەوە زۆری پێخۆش بوو ئەو یارییە ئەنجام بدەن.

وتیشی: لەبەر داواکاریی ھاندەران بڕیارمانداوە یارییەکە لە شەودا سەعات 9 ئەنجام بدرێت و یارییەکی مێژوویی دەبێت و تا ئێستا لە مێژووی شاری سلێمانی و کوردستانیشەوە شتی لەو شێوەیە رووی نەداوە کە یاریزانێکی کورد وازبھێنێت بەو بۆنەیەوە ھەردوو ھەڵبژاردەکە یاریبکەن.

ئەحمەد سلار ساڵانێکی زۆرە لە یانە جیاجیاکانی کوردستاندا یاریی کردووە ئەنجامی بەرچاویشی بەدەستھێناوە و گۆڵکاری مێژوویی خولی یانەکانی کوردستانە بە تۆمارکردنی 45 گۆڵ.