ئەحمەد تورک: لە ٧ی حوزەیران دەنگی زیاتر بەدەست دێنین

ئەحمەد تورک: لە ٧ی حوزەیران دەنگی زیاتر بەدەست دێنین
ئەحمەد تورک، ھاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین گەشبینە بە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بۆ ھەدەپە و دەڵێت: دەنگەکانمان لە ٧ی حوزەیران زیاتر دەبیت.

ئەحمەد تورک، ھاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین-ی باکوری کوردستان، لەبارەی ھەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرنەوە قسەی بۆ ئاژانسی ھەواڵی فورات کردووەو ئەو ھەڵبژاردنەی بە گرنگ وەسف کردووە. 

تورک، ئاماژەی بەوەداوە: بەدرۆ بانگەشەی ئەوە دەکەن، کە ھەدەپە ھەمان پەکەکەیە و بەم شێوەیە ھێرش دەکەن و ھەوڵی فریودانی خەڵک دەدەن، بەڵام خەڵک فریونادرێت، کورد و تورک لەوە تێگەیشتوون خەریکە چی روودەدات، خەڵک ئەو چەواشەکارییانە لەبیرناکات، لەبیری دەمێنێت کە بکەری ئەو ھەموو گەندەڵییە کێ یە؟.

ھەروەھا راشیگەیاندووە: ھەدەپە رۆژ لەدوای رۆژ بەھێزتردەبێت، ھەم لە ناو کوردەکانداو ھەم لەناو تورکەکان وعەلەوییەکان و چینە بندەستەکانی کۆمەڵگاوە پشتگیری دەکرێت، بۆیە ھەوڵدەدەن پشتگیرییەکانی گەل بۆ ھەدەپە کەم بکەنەوە، بەڵام ھەوڵەکانیان شکست دەھێنێت.

باسی لەوەش کردووە: ئێمە بەربەستی ١٠٪ تێدەپەرێنین و دەنگەکانمان لە ھەڵبژاردنی ٧ی حوزەیران زیاتر دەکات.