ئامادەکاری بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە دەکرێت

ئامادەکاری بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکەی سەماوە دەکرێت

لیژنەیەکی تایبەت لە پارێزگا موسەنا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ھەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی رۆژی ھەینی لە شاری سەماوە دۆزرایەوە کە سەرجەمی رووفاتەکانی کوردن و لە سەردەمی رژێمی بەعسدا لەسێدارە دراون. 

نەبیل کامل لێپرسراوی چاودێری و بەدواداچوون لە نووسینگەی پارێزگاری موسەنا بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای پێکھێنانی لیژنەیەک لە لایەن پارێزگارەوە بۆ دۆزینەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان رۆژی ھەینی لە سەماوە گۆڕێکی بەکۆمەڵ دۆزرایەوە کە بەجلوبەرگی رووفاتەکاندا دەردەکەوێت سەرجەمیان کوردن و لەسەردەمی رژێمی بەعسدا لەسێدارەدراون. 

وتیشی: دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، گۆڕە بەکۆمەڵەکان بە پەیڕەوکردنی چەند رێوشوێنێکی یاسایی ھەڵدەدرێنەوە. 

پێشتریش، ئەحمەد مەنفی جەودە پارێزگاری موسەنا رایگەیاندبوو: لە بیابانی شاری سەماوەی ناوەندی پارێزگای موسەنا گۆڕێکی بەکۆمەڵی سەردەمی رژێمی پێشووی بەعس دۆزراوەتەوە و سەرجەمیان کوردن و لە سێدارەدراون. 

دوای 16 ساڵ لە روخاندنی ئەو رژێمە، تاوانی تر ئاشکرا دەبن و چەندین گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ ساڵی 1988 دەگەرێتەوە کە رژێمی بەعس بە چەند قۆناغێک تاوانی ئەنفالی دژ بە گەلی کورد ئەنجامدا.