ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

ئامادەکاری بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەکرێت

لە دوای دەستپێکردنی وەرزی دروێنە رۆژی وەرگرتنی گەنم دیاری دەکرێت و وەفدێکی پەرلەمانی کوردستانیش بۆ بەدواداچوونی پارەی گەنمی جووتیاران، سەردانی بەغداد دەکات.

شاڵاو جەمال بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بەھۆی ئەوەی تا ئێستا دروێنەی گەنم لە سنووری سلێمانی و گەرمیان دەستیپێنەکردووە، وادەی وەرگرتنی گەنم و کردنەوەی سایلۆکان دیاریی نەکراوە، چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بۆ ئەمساڵ بکرێت. 

وتیشی: لە ٢٥ی ئەم مانگەوە وەرزی دروێنە لە گەرمیان دەستپێدەکات و دواتریش لە دەشتی شارەزوور و ناوچەکانی تر دروێنەی گەنم دەستپێدەکات، ھاوکات چاوەڕوانی بەغداد دەکرێت رۆژی وەرگرتنی گەنم دیاریی بکات.

ھەروەھا بڕیارە لە چەند رۆژی داھاتوودا وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان، بۆ بەدواداچوون لەسەر شایستە داراییەکانی جووتیاران، بۆ ساڵەکانی رابردوو سەردانی بەغداد بکەن و لەگەڵ وەزیرانی بازرگانی و کشتوکاڵی عێراق و عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیران کۆببنەوە.