ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکردنی 2 ئەندامی باندێکی دزیکردنی راگەیاند

ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکردنی 2 ئەندامی باندێکی دزیکردنی راگەیاند

ئاسایشی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا دەستگیرکردنی 2 کەسی لە باندێکی دزیکردن راگەیاند، کە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵێك و بڕی (8،500،000)  دینار و (20) مسقاڵ ئاڵتونیان لە ماڵەکە دزیبوو.

بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەر بە بەرێوەبەرایەتىی ئاسایشى گەرمیان رایگەیاندووە: شەوى 13 لەسەر 14ی ئەم مانگە لە ناحیەى رزگارى باندێکى دزیکردن کە پێکهاتبوون لە 4 کەسى دەمامکدار بەمەبەستى دزیکردن هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و خاوەن ماڵەکە برینداردەکەن و  بریندارى دواتریش خۆی و بنەماڵەکەی قۆڵبەست دەکەن. 

بەوتەى خاوەن ماڵەکە، دزەکان بڕى (8،500،000)  دینار و (20) مسقاڵ ئاڵتونیان لە ماڵیان دزیوە.

دوای رووداوەکەش، بنکەى ئاسایشى رزگاریى سەر بە بەرێوەبەرایەتیى ئاسایشى گەرمیان بەدواداچوونیان بۆ رووداوەکە کرد و لەماوەى کەمتر لە 24 سەعاتدا لەلایەن هێزەکانى بنکەى ئاسایشى رزگاریەوە توانرا دوو  ئەندامى باندەکە دەستگیر بکەن و دەستیشبگرن بەسەر برێک لە ئاڵتون و پارەکەدا. 

لە لێکۆڵینەوەى سەرەتاییدا تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و تۆمەتباران بە پێى ماددەى (442) ى سزادانی عێراقى راگیراون و لێکوڵینەوە و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنى دوو ئەندامی دیکەى باندەکە بەردەوامە.